Sélectionner une page

دۆغۆ پەرینچەک دۆغۆ پەرینچەک لە ١٧ی ژۆئەنی ١٩٤٢ لە قازی ئەنتاب، باکووری کوردستان لە دایک بووە. باوکی خەڵکی ئەرزینجانە و ناوی ئەرزینجان کەمالیەلی سادیک پەرینچەکە و دایکی خەڵکی ماڵاتیایە و ناوی لەبیبە پەرینچەکە. باوکی، چوار خۆلی پارلەمان وەکو نوێنەری ئەرزینجان، لە سەر لیستی « ئەدالەت پارتیسی » نوێنەرایەتی کردووە و هاوکات وەکو یارمەتیدەری دادوەری گشتی ئەو شارە کاری کردوە. هاوسەرەکەی ناوی شوولە (شۆعلە)پەرینچەکە و چوار منداڵ، دوو کچ و دوو کوڕیان هەیە. هاوسەرەکەی خوێندنی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئانکارا تەواو کردوە و وەکو ڕۆژنامەنووس کار دەکا.

پەرینچەک خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە ئانکارا تەواو کردوە و هەر لەوێش چووەتە زانکۆی « ئانکارا یۆنیوێرسیتەسی هۆکووک فاکوولتەسی » و لە فاکوولتەی مافناسی خوێندوویەتی. لە سەردەمی خوێندنیدا لە ساڵی ١٩٦٢ چووەتە ئاڵمان و بۆ ماوەی ١٠ مانگ کارێکاریی کردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ دا، دوای تەواو کردنی لیسانسی فێرکاری، لە فاکوولتەی مافە گشتیەکان (تیوری دەوڵەت و ئازادییە گشتیەکان)، پلەی یارمەتیدەری پێ دراوە. لە هەمان ساڵەوە، بیرۆکەی سوسیالیزمی زانستی پەسند دەکا و بە دواداچوونی بۆ دەکا.

ناوبراو، ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەری « سیاسی ئیلیملەر دەرنەیی » ڕێکخراوی زانستە سیاسییەکان و چوار ساڵێش « تورک هۆکووک کۆرۆمۆ » دامەزراوەی مافەکانی تورک بووە. لە ساڵی ١٩٦٨ دا، بە پێشکەش کردنی تێزی « یاسای قەدەغە کردن و ڕژیمی نێۆخۆیی پارتە سیاسیەکانی تورکیە »، دوکتورای مافناسی وەرگرتووە. لە هەمان سەردەمیشدا بوو بە سەرۆکی « فیکیر کلۆپلەری فێدراسیۆنو (دەڤ-گەنچ)، فێدراسیۆنی کلوپە هزریەکان و لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ دا، سەرکردایەتی چالاکیەکانی لاوانی دەکرد. هەر لەو ساڵەدا خۆی و ئێکیپەکەی لەو دەڤ-گەنچ دەر کران. دوای دەرکرانی، لە گەڵ هاوڕێیانی، گۆڤاری « ئایدینلیک »یان دەر کرد. لە ساڵی ١٩٦٩ دا « تورکیە ئیهتیلالجی ئیشچی کۆیلوو پارتیسی (ت ی ی ک پ)، پارتی شۆڕشگێڕی کرێکاران و جووتیارانی تورکیەی دامەزراند. دوای کوودەتاکەی ساڵی ١٩٧١، گیرا و سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندرا. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤دا کەوتە بەر لێبوورینی گشتی و ئازاد کرا.

پەرینچەک لە هەمان ساڵی ١٩٧٤دا دیسانەوە بە تاوانی هەوڵدان بۆ نفووز لە ئەرتەش، بەشداری لە « کارا کوەتلەر دەڤریمجی سوبایلەر ئۆرگوتو » ڕێخکراوی ئەفسەرانی شۆڕشگێڕی هێزی زەوینیی، و « شەفەک سۆبایلەر گروبو » گرووپی ئەفسەرانی شەفەق، دادگایی کرا. لە ٢٨ی ژانویەی ١٩٧٨ « تورکیە ئیشچی کۆیلو پارتیسی » پارتی کرێکاران و جووتیارانی تورکیەی دامەزراند و گۆڤاری « ئایدینلیک »ی گۆڕی بۆ ڕۆژنامە.

دۆغۆ پەرینچەک لە دوای کودەتای ١٢ی سێپتامبەری ١٩٨٠ بە هۆی پشتگری کوودەتا و بڵاۆ کردنەوەی بابەت لەو بارەوە، قۆڵبەست کرا و سزای ٨ ساڵی بە سەردا سەپێندرا. لە ١٩٨٥ لە زیندان ئازاد کرا. لە ژانویەی ١٩٨٧دا وەکو بەڕێوەبەری گۆڤاری حەوتووانەی « ٢٠٠٠ە دۆغرۆ » بەرەو ٢٠٠٠، دەست بە کار بوو. لە هەمان ساڵدا سەردانی لۆبنانی کرد و چووە « دۆڵی بەقا » و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەڵانی سەرۆکی پەکەکە کەوت. لە گەڕانەوەیدا چاوپێکەتنەکانی لە گۆڤارەکەیدا بڵاۆ کردەوە و دواتر کردنی بە کتێب.

لە ساڵی ١٩٩١ دا قەدەغەی چالاکییە سیاسیەکان لە سەری لا برا، لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبی سوسیالیستی تورکیە بوو بە سەرۆکی ئەو پارتە و لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ دا بە لە سەر لیستی پارتی سوسیالیست چووە پەرلەمانەوە. لە ٢٨ی فێڤریەی ١٩٩٧ دا کامپەینی « جومهووریەت دەڤریمی کانوونلەرێ ئۆیگۆلانسن » یاساکانی شۆڕشی کۆماری جێبەجێ بکرێن، دەست پێ کرد.

پەرینچەک دۆژمنی لایەنگرانی ئەمریکا بوو و دژایەتی تۆرگووت ئۆزاڵی دەکرد و تانسۆ چیلەری بە سیخۆڕی سی ئای ئەی دەزانی.

لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هۆێ حاشا کردن لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیەکان لە سویس ‍دادگایی کرا و سزای ٩٠ ڕۆژ زیندانی تەعلیقی بۆ بڕایەوە و سزای پارەی بە سەردا سەپێنرا. دژ بە بڕیارەکەی دادگای سویس، پەرینچەک داوایەکی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئۆروپا بەرز کردەوە و لە ٢٠١٥ دا داواکەی بردەوە.

لە ٢١ی مارسی ٢٠٠٨ دا پەرینچەک و ژمارەیەک دیکە لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی تورکیە کە لە دوای داخرانی پارتی سوسیالیستەوە دایانمەزراندبوو، بە تاوانی ئەندامەتی ڕێکخراوی « ئەرگەنەکۆن » کە بە حکوومەتی سێبەر دەناسرێ، قۆڵبەست کران. دادگا سزای ١١٧ ساڵ زیندانی بە سەر پەرنچەکدا سەپاند. بەڵام لە ٦ی مارسی ٢٠١٤دا ئازاد کرا.

پەرینچەک لە ٢٠١٨ دا بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیەی کرد و نیزیک ١٠٠ هزار دەنگی وە دەست هێنا.